ئەمڕۆ لە جیات ڕۆژانی پێشوو هەوا تۆزێک فێنک بووە، خۆر، تینی ڕۆژانی پێشووی نییە. ڕێزداران کاک موحەممەد ئەحمەدیان و د. ئەحمەد ئەحمەدیان و د. موحەممەد فرووهەندە(کە هاوڕێیانی سەفەری ماوەیەک لەوپێشی «گوێگجەلی و قەلای سەیف» بووین)، چوار کەسی، بەرەو پێدەشتی لاجان کەوتینە ڕێ. لە ڕێگای پەسوێ کاتژمێر حەوت و نیو ملی ڕێگەمان داگرت. لە تاجی سەد (شوورەی بەنداوی مەهاباد) سیلەیەکمان دایە بەنداوەکە و دوو ئاخمان هەڵکێشا یەکەمیان بۆ کەمبوونی لەڕادەبەدەری ئاوی بەنداو و دووهەمیان بۆ کارەساتی خنکانی «کارۆی سەقزی» لە کاتژمێری سێ و نیوی نیوەڕۆی هەینیی پێشوو کە هاوڕی لەگەڵ باوکی لە سەقز ڕا هاتبوون بۆ گەشت و سەیران و مەلەکردن و تووشی ئەم کارەساتە هاتن. جا وەرە کوڕ لە پێش چاوی باوکی بخنکێ و باوک چی لە دەست نەیە! بەم هەموو مەلەوانە خۆیان تێهاویشت تەرمەکەیان نەدیتەوە؛ شەممە و یەکشەممە هەر لە کاتژمێر پێنج و نیوڕا تا ڕۆژ ئاوابوون، گەڕان و تا ئەوەی، سێ ڕۆژ دوای گەڕان تەرمەکە هاتە سەر ئاو؛ بەڵام ئەوەی جێی سرنج بوو، جەماوەرێکی زۆر لە سەقز بۆ هاوخەمی و هاریکاری و دڵدانەوەی کاک ڕەزای باوکی هاتن، خەڵکی مەهاباد ئەم دوو شەوە خزم و کەس و کاری کارۆیان دەبردەوە ماڵێ و، کاک ڕەزای سەقزی و بنەماڵەکەی، خۆیان بە غەریب نەدەزانی؛ چەند مامۆستای ئایینیی سەقز و ناوچە و چەند کەسایەتی بۆ دڵدانەوەی بنەماڵەی کارۆ هاتبوون و لە لێواری بەنداوەکە دەتگوت ڕۆژی مەحشەرە. دوای دیتنەوەی تەرمەکە هەر لە لاوەکانی مەهاباد نزیک شێست ماشێن هاوڕێیەتییان کردبوو تا تەرمەکەیان بردبۆوە سەقز.
ئەمە لەم شەش حەوت ساڵەدا چەند بابەتی هاوخەمی لە شارە کوردەکانی ڕۆژ هەڵات دیترا: پارەکە کارەساتی ئەم سێ شاخەوانەی نەغەدە لە ڕەندۆڵەی شنۆ، کە بەشداریی خەڵکی شنۆ و هاوخەمییان لەم ڕووداوەدا کاردانەوەیەکی زۆری بوو؛ یان بوومەلەرزەی سەلاسیباوەجانیی کرمانشا کە مێژوو لەم چەشنە هاوخەمییەی زۆر کەم بە خۆیەوە دیتووە. لێخوڕی ماشێن کاک موحەممەد فرووهەندە بە ئەسپایی پێچەکانی یەکیەک تێدەپەڕاند؛ باسی فەرهەنگی وشە هاتە گۆڕێ و پرسیم ئەرێ فەرهەنگی کوردیمان هەیە کە جیا لە مانای وشە، ڕوونیکاتەوە ئەم وشەیە سەر بە کام زاراوەی کرمانجی، سۆرانی، کەلهۆڕی یان هەورامییە، یان بڵێ بنزاراوەی فڵان ناوچەیە؟ د. ئەحمەدیان، وتی: تەنیا فەرهەنگی کوردستانی گیوی موکریانی ئەم تایبەتمەندییەی هەیە.
باس هاتە سەر شێوازی ڕێنووس و پێوەندی بە ڕێزمانی کوردییەوە؛ کاک موحەممەد ئەحمەدیان وتی: گەلێ جار سەرنج نادرێتە سەر ئەوە کە وشەکە، ناو، پاشناو و ناوی شوێنە و ئەمانە لەبەرئەوە ناون ناگۆڕدرێن. بەڵام دەبینین هەڵەی ڕێنووسیی زەق و بەرچاو دەبیندرێ لەم بەشەدا، ئەویش بەتایبەتی لە لایەن کەسانێک کە خاوەن قەڵەم و بەرهەمن. بۆ وێنە لە ژێرنووسی کۆتەڵی مامۆستا وەفایی لە ناوەندی شاری مەهاباد، سێڕێی وەفایی نووسراوە، «میرزا عەبدولڕەحیم سابڵاغی». کە بەپێی ئەوەی پیتی "ڕ"ـێ لە ناوی «عەبدوڕڕەحیم»دا «شەمسی»ـیە نەک «قەمەری»، پیتی«ل»یـەکەی گۆ ناکرێ و بێژە ناکرێ و ناخوێندرێتەوە و لە نووسینی کوردیدا نابێ «ل»یـەکە بنووسرێ، کەچی لەجیات «عەبدوڕڕەحیم» نووسراوە «عەبدولڕەحیم» و ئەم یاسا ڕێنووسییە ئاشکرایە نەپارێزراوە و هەڵەیەکی ئاوا زەق هەموو ڕۆژێ خۆی نیشانی سەدان ڕێبواری پرسۆکی ئەم شوێن و شەقامە دەدا!
هەر وا درێژەمان بە ڕێگەدا، دەراوی «دێبۆکر» ئێمەی بردەوە سەر ژیانی کەسایەتیی کوردی ناوداری دنیای ئیسلام، پڕۆفیسۆر موستەفا زەڵمی کە ماوەیەکی زۆر لە دێبوکر فەقێ بووە و وەک لە کتێبی «کاروانی ژیانم»ـدا دەڵێ: مامۆستا مەلا حەمەدەمین ئەحمەدیان(قاجری) لێرە مەلا بووە و لە لای ئەوم خوێندووە. کاک موحەممەد ئەحمەدیان فەرمووی مەلا حەمەدەمین دەبێتە خەزووری مامۆستا مەلا ڕەشیدی قەرەنیزادە ئیمام جومعەی پێشووی مەهاباد لە دەیەی حەفتای هەتاویدا.
عەرزم کردن مامۆستا زەڵمی ئاماژەی بە پێشەوا قازی موحەممەد کردووە، کە پێنج جاری، چاو پێکەوتووە و چۆتە ماڵێی و دەڵێ: بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا کتێبی فەڕەنسی و ئینگلیزیم دی لەگەڵ کتێبی ئایینی ئیسلام کە لە ناو کتێبخانەی پێشەوادا داندرابوون. مەلایەکی زۆر چاکیش بوو، بینیم ئەوکاتەی فەقێ ئەچوون دەرسی «تهذیب»[لە زانستی کەلام و فەلسەفە] و «جمع الجوامع»[لە زانستی بنەماکانی فیقهیـ]یان لە لا ئەخوێند، بەڵام مەدرەسەی نەبوو. بوونی کتێبی ئینگلیزی و فەڕەنسی له کتێبخانەکەیدا بەڵگەیەکی گەورەیە بۆ دووربینی ئەم مڕۆڤە گەورەیە لە وڵاتێکی دواکەوتوودا، لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لە ساڵی 1942 دا. [کاروانی ژیانم، ل 123] بە گێڕانەوەی ئەم ڕووداوانە وردەوردە بەرەو گوندی «خەلیفە» هەڵکشاینە «سەری مەیدان».
خوێنەری هێژا! ئەم ڕێگاوبانە و ئەم شەقامەڕێیە لە ساڵی 1928ی زایینی و دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە لایەن وڵاتی ئینگلیزەوه بەدەستی «هامیلتۆن» ساز کراوە. کە هەمان ئەو ڕێگەیەیە کە لە «هەولێر»ەوە دەستپێدەکا و بە چوارساڵان دەگاتە «حاجی ئۆمەران»؛ کاتی خۆی «کاپیتان حەمەدی مەولودی» لەم ڕێگایە(سەری مەیدان؛ یا جاددە و شەقامەڕێی مەهاباد- پەسوێ) کارگەر بووە.
کەوتینە ڕێگای سەرەوژێر و لێخوڕی ماشێن د. فرووهەندە بە نیشتۆرمزان تەسی ماشێنی دەداوە؛ دۆڵی هەوشینانی تێپەڕاند و بە قەراغ ئاواییەکانی «کانی باغ، لگبن، حاجی غەڵدە و کانی مەلا»دا چووینە ڕووکاری «پەسوێ».
محەممەد فروهەندە، دوکتۆڕای زمان و وێژەی فارسی هەیە کە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی دەکەوێتە بەستێنی ڕەچەڵەکناسیی وشە (ئێتیمۆلۆژی) و جار و بار لێکۆڵینەوەکانی لە گۆڤارەکاندا دەخاتە بەر دیدەی خوێنەران و هەر حەوتوویەک لە حەوتوونامەی سیروان لە ستوونێکدا وشەیەک یان دوو وشە بڵاو دەکاتە کە لە بواری ڕەچەڵەکناسییەوە لە سەریان دواوە و لەگەڵ وشەی زمانە هەوڕەچەڵەکەکانیتر بەراوردی کردوون؛ بڕیار وایە کە درێژە بەو لێکۆڵینەوانە بدا و لە داهاتوودا وەکوو بەرهەم پێشکەشی کتێبخانەی کوردی بکات.
پەسوێ
کاتژمێر هەشت و نیو نزیک بووینەوە لە ماڵە مامۆستا مەلا سەیید جەماڵەددین واژی، یادگاری مامەنوورەم(= خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا سەیید نوورەددین واژی) و نووسەری کتێبی: «فمینیسم؛ زشت و زیبا»، کە لە لایەن چاپەمەنی بەوەجی «نگاه معاصر» لە تاران و لە ساڵی 1397، لە 402 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوبووەتەوە. دوای چاکوخۆشی و ئەحواڵپرسی، سفرە و خوان ڕاخرا. دەرگای وتوێژ ئاوەڵا کرا، پرسیار لەوەکرا کە مامۆستا لەدایکبووی چ ساڵێکە و لە کوێی خوێندوە؟ مامۆستا جەماڵ وتی: ساڵی 1362ی هەتاوی لە پەسوێ لە دایک بووم و بۆ ماوەیەکی کورت نەبێ دەنا هەر لە خزمەت باوکمدا خوێندنی حوجرەم تەواو کردووە، ئەو جێگایەی ئێمە لێی دانیشتوین حوجرەی فەقێیان بوو، کاتێ دوکتۆرەکان لە بەر کزیی هێزی بینینی چاو، وانەوتنەوەیان لە بابم(حاجی ماموستا سەیید نوورە) مەنع کرا؛ ئێرە کرا بە پەڕتووکخانە. دوای دەست تێوەردان و بینای نوێ، ئێرە کرا بە ماڵی مامۆستا و ماڵی مامۆستا کرا بە پەڕتووکخانە. کتێبخانەی دەوڵەمەندی مامۆستا جەماڵ هۆش و بیری ڕێبوار و خوێنەران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، یەکێ لە کتێبەکان، "انديشه سياسي متفكران مسلمان"بوو کە بەر هەمی "دکتر علیاکبر علیخانی" و هاوڕێیانیتی. لە 19 بەرگدا لە لایان چاپەمەنیی "پژوهشکده مطالعات فرهنگی و اجتماعی" چاپ و بڵاو بۆتەوە. بەرگی هەوەڵی لە عەبدلحەمیدی کاتیب تا ئەبولحەسەنی مەسعوودی، بەرگی 19 لە عەلی ئوملیل تا تاریق ڕەمەزان دەبەرە خۆی دەگرێ. د. ئەحمەدیان کوتی: کتێبێکی زۆر بە کەڵکە و وەک سەرچاوە چاوی لێدەکرێ، لە کەسایەتییە کوردەکان "شێخ سەعید نوورسی" و " د. سەعید ڕەمەزان بووتی« و.. تێدایە و هەر وەها بێجیاوازی باسی کەسایەتیەکانی کردووە. ئەوجار باس هاتەسەر کتێبێکی تر لە کتێبخانەکەی مەلا سەید جەماڵەدین واتە»دائرةالمعارف بزرگ اسلامی«، کە تا ئێستا 27بەرگی چاپبووە و هەمووەکەی 50بەرگ دەبێ، لەم کتێبە گەورەیەدا بۆ وێنە، مەدخەلی "شیخولئیسلام ئیبنوتەیمییە" نووسەرەکەی زانای ناوداری ئێرانی «دوکتۆر عەباس زەریابی خۆیی»ـیە
دەلاقەیەکی ئەم کتێبخانەیە تەرخان کرابوو بۆ کەلوپەلی تایبەتی خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا سەیید نوورە، وەک: مێزەر، کەوایشۆڕە، پشتێند، چاویلکە، ئاوێنە، مقەست، زەڕەبین، کاتژمێری باغەڵی، ئەو قوڕئانەی کە قوڕئانی تێدا خوێندوە، تەختە قوڕئان، خودکار، دەفتەرچەی تایبەتی، قدوویسیغار، فەندەک، موبایلی سادە.
لە مامۆستا جەماڵ پرسیارمان کرد، جیا لە ئەرکی مەلایەتی سەر قاڵی چ کارێکی؟ کوتی: سەرقاڵی نووسین لە بەستێنی (پێوەندیی ئیدئۆلۆژی و فیکری ئیسلامی)دام کە ڕەنگە لەکۆتاییدا کتێبێکی 500 لاپەڕی لێ ساز بێت.
دیارە پەسوێ، لە بیستکیلۆمیتری باکووی ڕۆژهەڵاتی پیرانشار و نێوان ڕێی مەهاباد پیرانشار هەڵکەوتووە. شاعیری مەزن، مامۆستا مەلا ڕەسووڵ ئەدیب لەمەڕ پەسوێ و لاجان دەڵێ:
عەجەب ماوم کە پەسوێ بۆتە تاران بۆ منی خاکی
دەبێ بمرێ لە دەردی بێ وەڵامی عاریز و شاکی
لە لان وا بوو کە بێچاران لە سایەت بێ خەم و دەردن
کە لاجان بێتە تەورێز، خۆم قوتار کەم با بە چالاکی
کاک موحەممەد ئەحمەدیان کوتی: مامۆستا جەماڵ چت بیستووە لە بارەی مێژووی "پەسوێ"؟ ئەویش کوتی: هەر دوو ڕوانگەی یاقووتی حەمەوی و حەمدوڵڵای موستەوفی، کە هەر دووکیان وەک شوێنێکی گرینگ و پڕپیت لێی دەدوێن. کاک موحەممەد کوتی: “سەبارەت بەم وشەیە، سەعید عەبدی، دەڵێ: ناوچەی پیرانشار کە لە ڕۆژگارێکدا بە ناوی "پارسوا" دەناسرا مێژوو لەو بارەوە دەڵێ: قەومی پارس لەڕەوتی هاتنیان بۆ وڵاتی مێزۆپۆتامیا واتە "بین النهرین" و کوێستانەکانی زاگڕۆس لە ناوچەی "پارسوا" دا نیشتەجێ بوون؛ بە بیروڕای "مینۆرسکی" ڕۆژهەڵاتناسی بەناوبانگ ناوەندی وڵاتی "پارسوا" هەر ئەو شوێنەیە کە ئێستاش پێی دەڵێن: "پەسوێ" یان قەڵاتی "پەسوێ". ئەگەر بڵێین ناوی "پەسوێ" لە "پارسوا"ڕا وەرگیراوە؛ بە هەڵە نەچووین "پارسوا" بە مانای "تەنیشت" و "کەنار"ـە، هۆی ئەو ناوەش ئەمەیە کە وڵاتی پارسوا دەگەڵ دەوڵەت و وڵاتەکانی "ئاشوور" لە لای باشوور، "ئۆڕاتوو" لە ڕۆژئاوا و "مانا" لە ڕۆژهەڵاتی خۆی هاوسنوور و هاوسێ بووە”.(سەعید عەبدی، گۆڤاری مەهاباد، ژمارە، 93ـ 94، لاپەڕەی: 39).
بەر لە هەستان و خواحافیزی، مامۆستا جەماڵ چۆ ئەودیوی بە دوو دیاری لە نووسینی خۆی و باوکی بەڕێزی، تەشریفی هێناوە؛ یەک: کتێبی: «فمنیسم زشت و زیبا» و کتێبی «الرسائل الجامعة للدّرر اللامعة»، گەلێ دەستخۆشیمان لێکرد. کتێبی الرسائل الجامعة للدّرر اللامعة، کۆکراوەی کۆمەڵە نووسراوەکانی "حاجی مامۆستا سەید نورەددین واژی"یە. کتێبەکە لەخۆگری کۆمەڵیک بابەتی ئایینیی پێویستە، بە زمانی عەڕەبی نووسراوە. ئەو کتێبە لە سێ بەش پێکهاتووە: باوەڕەکان ؛ فیقهی شافیعی ؛ بابەتی مێژوویی. ژیاننامەی نووسەر و پێشەکیی کتێبەکە بە زمانی کوردی نووسراوە و لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی "کوردستان" لە چاپ دراوە و دەوری 400 لاپەڕەیە.
کاک موحەممەدئەحمەدیان ڕووی لەمن کرد و فەرمووی زانایانی گەورەی پەسوێ چ کەسانێک بوون؟ عەرزم کرد: جیا لە مامۆستا مەلا ساڵحی مودەڕڕیسی(جۆلەمێرگی) وەک لە مامە نوورە(حاجی مامۆستا سەیید نوورەدین واژی)م بیستووە دەیفەرموو، سێ مەلا عەوڵای گەورەی لێ هەڵکەوتوون: مامۆستا مەلا عەوڵای وەڵزی، مامۆستا مەلا عەوڵای بورهانی و مامۆستا مەلا عەوڵای گرکێ.
دوای وەرگرتنی ئەو دوو دیارییە و کێشانی وێنەی یادگاری بەرەو پیرانشار ماڵاویمایمان کرد.
لاجان: لە پەسوێ وەدەر کەوتین و کەوتینە سەر جادە، بەرەو شاری گردگشانە. قسەوباس سەبارەت بە لاجان هاتە گۆڕێ، دەبێ وشەی لاجان لە چ وەرگیرابێ، کاک موحەممە ئەحمەدیان، فەرمووی: سەعید عەبدی، لێکۆڵەری پیرانشاری دەڵێ: "لاجان” یان “لاهجان ـ لاهیجان” ئەوناوە دەگەڕێتەوە سەردەمێک کە “دەیلەمی و لاهیجانی” یەکان لەسەرەتای هاتنی سوپای ئیسلام دا تەواوی وڵاتی کوردستان و ئازەربایجانی ئێستایان داگیر کرد و بە هۆی زەنوێر و سەرسەوز بوونی ناوچەی لاجان بە “لاهیجان”ی باکووری ئێرانیان چواندووە(شوبهاندووە) ئەگینا ئێستاش هیچ پەیوەندێکی بە مانای ئەو ناوەوە نییە. لە درێژەدا لەبارەی گرینگیی پیرانشار و لاجان، دەڵێ: سەردەمێک بوو کە “ڕۆنیزەنگ”ی لاجان لە تەواوی کوردستانی ئەمدیو و ئەودیودا نێوبانگی دەرکردبوو، ئێستاش “هەنگوینی” کوێستانەکانی “گەدە” و ناوچەی مەنگوڕایەتی و پیران و لاجان دەنگی داوەتەوە. بەردی گڕانیتی کانگاکانی ناوچەی مەنگورانی پیرانشار کە بە ناوی “کُردگرانیت” تۆمار کراوە وەک باشترین بەردی گڕانیتی ئێران لەسەروەی هەمووانە. (گۆڤاری مەهاباد، ژمارە 93 ـ 94 لاپەڕەی 39 ـ سەعید عەبدی).
لە گردگشانەی ڕەدبوین و گەیشتینە "شارەدێی ئەندێزێ" کاک موحەممەد فڕووهەندە دەیویست بچێتەوە سەرووکانی و بەوێدا بچێتەوە پیرانشار، عەرزم کرد دەبێ بادەینەوە و بە نێو ئەندێزێدا بڕۆین. لە ئەندێزێ بەرەو “کێلێوبەلەبان” ملی ڕێگەمان گرت و ئاوایی و کێوی "کێلەسیپان”مان لێ وەدەرکەوت. کاک موحەممەد ئەحمەدیان کوتی: بەڕێزان! تا کوێ ئاگاداری بەیتی "خەجوسیامەندن؟ کوتم: لێکۆڵینەوەیەکم لەسەر کردووە و لەسەفەری شێلمجاڕاندا ئاماژەم پێکردووە.
خەجوسیامەند:
کوتم پێمان خۆشە گوێبیستی جەنابت بین. فەرمووی وەک لە نزیک لکبن سەرزارەکی باسم لە کێوی "کێلەسیپان" و بەیتی "خەجوسیامەند" کرد و چۆنیەتی ئەو ڕووداوە، بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر ژانڕی "بەیت" و بەیتی خەجوسیامەند بە پێویست دەزانم ئاماژە بە ڕوانگەی موحەممەد قازی بکەم کە دەڵێ: بەیت بەشێک لە فولکلۆر و ئەدەبی زارەکی و نەنووسراوی ئێمەی کوردە کە لە ڕابردوودا لە دیوەخان و مزگەوت و قاوەخانەکان بە دەنگ و ئاهەنگی تایبەت کە تێکەڵاوێک لە ئاهەنگ و شێعر و پەخشان بوو لە لایان بەیتبێژانی ناسراو وەک «ڕەحمان بەکر و خڕناڵ و وسێن شەشە(کەنیلە)» دەکوتران ؛ ڕەحمان بەکر بەیتی بۆ ئۆسکارمان کوتووە و تۆماری کردووە؛ دەقی ئەو بەیتانە کارەساتی مێژوویی و ڕووداوی گرینگ و باسی خۆشەویستی و بەسەرهاتی ئەوینداری لەو ناوچە دەگێڕنەوە. ئۆسکارمان کاتێ گوێ لە بەیتی "لاسوخەزاڵ" دەگرێ، دەڵێ: کوردەکان بایەخی ئەو هۆنراوە و هەڵبەستانەی خۆیان نازانن، خودا دەزانێ نە شکسپیر و نە دانیس و نە گوتە و نە شیلر و نە هۆگۆ و نە لاماڕتین و نە پوشکین، هیچ کامیان بەو جوانییە هۆنراوەیان دانەناوە. (هفتهنامه کوهستان، 24 ـ 4 ـ 1325شمسی، محمد قاضی).
کاک موحەممەد ئەحمەدیان لە درێژەدا ئاماژەی کرد: ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە ناوەرۆکی ئەو بەیتە کوردییانە لێوڕێژن لە باس و بابەتی ئایینی، واتە ئایین لەو بەیتانەدا ڕەنگدانەوەی تەواوی هەیە؛ باسی پیر و پێغەمبەر و فریشتە و پەری و پیاوانی ئایینی وەک خدری زیندە و حەزرەتی ئادەم و دایکە حەوا و سولەیمانی پێغەمبەر و بڵقیسا و سەبری ئەییوب و سەدان ناوی وەک حەننان و مەننان و حەییووم و قەییووم و ڕەحیم و ڕەحمان و سەمیع و بەسیر و بینایی چاوان و هەوری ڕەحمەت و، سەدان تەعبیر و شێوە و شێوازی ئایینی لە نێوەرۆکی ئەو بەیتە ڕەسەنە کوردییانە دا بەرچاوە.گومان لەوە دانییە "بەیت" لە ئەدەبی کوردیدا ڕەسەنایەتی تەواوی هەیه.ژانڕی بەیت لە ئەدەبی کوردیدا وەک گۆرانییەکانی ئەسکاتلەندی و بریتانیایی و "ویسە"ی دانمارکی و "ڕومانس"ی ئەسپانیایی و "ئیلیاد"ی ڕووسی وایە بە دەنگ و ئاهەنگ دەگوترێن و تێکەڵاوێکە لە ئاهەنگ و شێعر و پەخشان. بەڵام بێینەوە سەربابەتی سەرەکی واتە باس لە بەیتی "خەجوسیامەند".خەجوسیامەند یەکێک لە بەرچاوترین بەیتەکانی کوردیی ناوچەی موکریانە، ڕووداوی خەجوسیامەند بە پێی دەقی موکریانی ئەو بەیتە لە "کێلەسیپان"، لە تەنیشت لکبن لە سنووری ناوچەی مەنگوڕ و لاجان هەڵکەوتووە، کە لە نزیکەوە چاومان بە بەرزایی "کێلەسیپان" کەوت و ئەوەندەی ئاگاداریمان لەسەر مێژووی ئەو بەیتە هەبوو، باسمان کرد. پێویستە بڵێین: وێدەچێ ئەو ڕووداوە لەسەدەی هەژدە یا نۆزدە ڕوویدابێ، ئەو بەیتە بە دەقی سورانی و بادینی و ئەرمەنی لە لایان بەیتبێژان کوتراوە و مامۆستا عوبەیدوڵڵا ئەییوبیان دەقی خەجوسیامەندی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی. خەجوسیامەند ئامۆزابوون، لە ناوچەیەک ژیاون بە ناوی "خۆشناوەتی" لە دەوروبەری "شەقڵاوێ" لە کوردستانی باشوور، خەجوسیامەند یەکتریان خۆشویستووە، دیارە دیاردەی خۆشەویستی دوو ئامۆزا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ڕابردووی ئێمەیە، بەڵام بنەماڵەی خەج بۆ ئەو زەماوەندە ملنادەن.سیامەند خەج هەڵدەگرێ و لەترسی براکانی دەیهێنێتە چیای "سیپان" لەبەر ئەوەی شوێنێکی چڕ بووە و دوور بووە لە شوێنی ماڵە بابی خەج. بەڵام حەوت برای خەج بە دوایانەوەن، دیارە سیامەند هەست بە مەترسی دەکا، حەوت برای خەج دەگەنە سەریان، سیامەند بەرەنگاریان دەبێ و پێیان ناوەستێ، بۆ ئەوە وەبەر دەستیان نەکەوێ، سیامەند لە بڵیندایی "سیپان" یان "کێلەسیپان"ڕا خۆ هەڵدەدێرێ لە تەنیشت لکبن سنووری ناوچەی مەنگوڕایەتی و مامەشان. بە دوای سیامەند "خەج"یش خۆ هەڵدەدێرێ و لەو شوێنەی ئێستا پێی دەڵێن "قەبری خەج و سیامەندان"، لە داوێنی ئەو کێوەی "کێلەسیپان" دەنێژرێن؛ ئەوەمان لەبیر بێ لە دەقی کرمانجی و ئەرمەنیی ئەو بەیتەدا، خەجوسیامەند لە "سیپان” نزیک گۆلی "وان" لە کوردستانی باکوور ئەو ڕووداوەیان بەسەردێ.دەقی بەیتەکە دەڵێ: جا خەجەگیان، ئەگەر لەگەڵم دێی ئەمن لە وڵاتی نامێنم، دەچمەوە وڵاتی مامەشانە، لەبن کێوەکەی دەسیپانێ یاغی گەرییەتی دەکەمەوە لەوان دەسەڵاتداروعێلانە، بە جووتە سوار بوون حەوت شەو حەوت ڕۆژان تادەگەینە بن کێوی دەسیپانە ... .خەج دەڵێ: چۆمەکەی قەرەچغ و شەمامکان دێت و لەمن دەداتەوە گێژە، ئەمە چ بێئەمری خوداوەندی میری مەزنن نەکردبوو، حەوت شەو حەوت ڕۆژە، لەگەڵ سیامەندی لە سیپانی بە قوڕگیراوە دەستم بە دەستنوێژە. دوای ئەوە خەج و سیامەند خۆ هەڵدەدێرن، بەیتەکە دەڵێ: براکانی خەج، خەجوسیامەندیان لە پەلان دەکردنەوە، دەیانشتن و کفن و دفنیان دەکردن و تەسلیم بە خاکیان دەکردن، سێ جاران بانگیان لەسەر دەدانەوە، ئەی لە زەمانێ، هەی لە زەمانێ، لە دەورەتی دە زەمانێ، دنیا بەوان عاشقان بە خۆشەویستی خودای نەدەما و لەمەش دەبێتەوە، مەخابەنێ... .ئەوە کورتەی باسی خەج و سیامەند”. دوای کۆتاییهاتنی ئەم باسە و گێڕانەوەی وردبینانەی لە لایەن کاک موحەممەد ئەحمەدیان، دەستخۆشیمان لە کاک موحەممەد کرد کە ئێمەی بردەوە سەدان ساڵ لەمەوبەر.
لە شنۆزەنگ ڕەدبوین و پێوەندیمان بە د. موراد یوسفی، نووسەری کتێبی ناسراوی (الحاد نوین یا باتلاق رنگین) گرت و پێمان کوت دێینە خزمەتان بەڵام لەبەر ئەوە ماڵەکەتان بەڵەد نین ئادرەسەکەی بفەرموو، بەڕێزیان فەرموویان گەیشتنە ناو شار بۆخۆم دێمە لاتان و عەرزمان کرد دەمان هەوێ بچینە فێرگەیی ئایینی سەلاحەدین ئەییوبی، فەرمووی باشە، تا وامان کرد گەیشتینە بەردەقەل و لە کارخانەی قەند تێپەڕین و گەیشتینە ناو شاری پیرانشار.
درێژەی هەیە…

بۆچوونهکان